1. کارل ڤۆن کلاوزویتس، بیرەمەندی نیزامی لە ڕستەیەکی بە ناوبانگدا بەم شێوەیە
دەڵێت( شەڕ درێژەدەری سیاسەتە، بەڵام لە رێگای ترەوە). جیا لە هۆکارە زەینی و بونیادینەکانی
سەرهەڵدان و دروست بوون و گەشە کردنی دیاردەیەک بە ناوی (داعش)، رەنگە ئەم رستەیە
بتوانێت بەشێک لە هۆکار و چۆنیەتی سەرهەڵدان و چیرۆکی داعشمان بۆ روون بکاتەوە. لە
راستیدا سیاسەت لای زۆربەی وڵاتە عەربییەکان
هەمان ئەو شتەیە کە داعش لە گۆڕەپانی شەڕدا بە شێوەیەکی عەینی تر دەیبات
بەڕێوە. توندوتیژی بێ سنوور و دروست کردنی ترس و وەحشەت، ترۆر و کوشتنی بە کۆمەڵ و
پیاوسالاری و وەستانەوە دژی ئازادی و کۆنەپەرستی و گوێ نەدان بە ماڤە بنەڕەتییەکانی
مرۆڤایەتی بە گشتی و دژایەتی رۆشنبیران و جیاوازییەکان لە تایبەتمەندییە بەرچاو و
زەقەکانی سیاسەتی دەسەڵاتدارانی ناوچەکەیە کە داعش لە گۆڕەپانی شەڕدا بە
شێوەگەلێکی تر پیشانیان دەدات و دەیانخاتە روو. لە ماوەی چەند مانگی رابردودا کە
دونیا شاهید و بینەری سەرهەڵدانی داعش بووە، ئەم گروپە پێی خستۆتە هەر شوێنێک، بە
شێوەیەکی بەردەوام و پێش هەموو شتێک لە هەوڵی پێناسەکردنی (ئەویدی) گەلێکدا بووە
بۆ خۆی تا بتوانێت لە رێگایانەوە شووناسی مەرگباری خۆی بچەسپێنێت: سەرەتا شیعەکان
لە عێراق و سوریا و دواتر ئێزیدییەکان لە شەنگاڵ. لە شەنگاڵ کچان و ژنان و لە
هەولێر و کۆبانی کوردەکانی وەک (ئەویدی) بۆ خۆی پێناسە کردوە و دژی ئەمانە
توندوتیژی و سەرکوتی بە ڕەوا زانیوە. لەم ماوەیەدا لە هەر شوێنێک کە دەرفەتی بۆ
ڕەخساوە دژی مرۆڤ و مرۆڤایەتی وەستاوەتەوە
و سەرکوتی کردوە، کچان و ژنانی دیل کردوە و وەک کوێلە لە بازاڕەکاندا
دەیانفرۆشێتەوە، پێش هەموو شتێکیش لە رێگای
دروست کردنی ترس و وەحشەت و پشێوی و کوشتنەوە بە دوای گەیشتن بە ئامانج و
مەبەستەکانی خۆیەوە بووە، گروپی داعش باوەڕیان بەم شێوەیە هەیە ( دروست کردنی ترس
و وەحشەت لە رێگای توندوتیژییەوە )، ئەمەش وەک ستراتیژی سەرەکی شەڕ لە هەموو بەرەکاندا بە کاردەهێنن و سوودی لێ
دەبینن.
ئەم شێوەیە لە سیاسەت کردن وجوڵانەوە لەگەڵ
ئەوی تر، شێوەیەکی ناوازە نییە و بۆ ئەوانەی لە خۆرهەڵاتی ناوەنددا دەژین بە
تەواوی ئاشنایە، سەدامیش بەم شێوەیە سیاسەتی دەکرد. خەڵکی کوردستان بە ئێستاشەوە
ناتوانن کوشتن و جێنوساید و کوشتنی بە کۆمەڵ و ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە لە
یاد بکەن، شیعەکان لە باشوری عێراق بە هەمان شێوە بوون بە قوربانی توندوتیژیی بێسنوری
سەدام و زیندان و سێدارە و قوربانی زۆریان بە چاوی خۆیان بینی. لە سوریا و تورکیا
و میسر و لیبیا و عەرەبستانیش دۆخەکە کەم
تا زۆر بە هەمان شێوە بووە، توندوتیژیی و پیاوسالاری و دژی ئازادی وەستانەوە و لە
بەرچاو نەگرتنی مافەکانی ئەوانی تر و سەرکووت کردنیان، لە تایبەتمەندییە
سیاسییەکانی دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتانەیە. لە راستیدا شەڕی داعش شتێک نییە جیا لە
درێژەدانی هەمان ئەو سیاسەتەی کە ساڵانێکە لە خۆرهەڵاتدا و لە وڵاتە عەربییەکاندا
دەچێتە ڕێوە و جیاوازییەکی بنەڕەتی تێدا نابینرێت.
2. کلاوزویتس ڕستەیەکی تری بە ناوبانگی هەیە کە دەڵێت: (شەڕ ڕەنگە هەندێ جار
شتێک زیاتر و هەندێ جار شتێک کەمتر لە شەڕ بێت). شەڕێک کە تووشی خەڵکی کۆبانی بووە
لە ڕوانگەیەکەوە، بە گشتی شتەگەلێکی زۆر کەمتری هەیە لە شەڕ و بە تایبەتیش شەڕێک کە داعش دەستی پێکردوە. هێزەکانی بەرگەری
کۆبانی نە تەنیا توندوتیژیی و وەحشەت و ترس
بە کار ناهێنن، نە تەنیا پیاو
سالار ودژی ژن نییەن بەڵکو ژن لایان شوێنێکی بەرزی هەیە و بەو هۆیەشەوە ژنان و
کچانێکی زۆر لە هەوڵی بەرگریدان بۆ کۆبانی
و بە شێوەیەکی سەربەخۆ خۆیان رێکخستوە و لە کۆتایشدا بە شەڕێک کە تێیدا بەشدارن شتگەلێکی
زۆریان زیادکردوە. لە ڕاستیدا لای شەڕڤانانی کورد ئەم شەڕە درێژەدەری سیاسەت نییە لە خۆرهەڵاتی ناوەنددا و جیاوازییەکی بنەڕەتیی لەگەڵ شەڕانی پێشوودا
هەیە.
رۆزا لوکزامبورگ، ژنە شورشگێر کە یەکێ لە
دەموچاوە ناسراوەکانی فیمینیزمی سوسیالیزمە، کەسایەتی خۆی بەم شێوەیە وەسف دەکات:
( من لە سوچێکی ئارامی ناو باغێکدا، زیاتر خۆم لە ماڵی خۆمدا هەست پێ دەکەم... تا
لە کۆنگرەیەکی حیزبیدا... بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هیوادارم لە کاتی ئەنجامدانی وەزیفەکانمدا
لە شەڕێکی شەقامە و شەقامدا یان لە زینداندا بمرم. بەڵام من لە ناخی بوون و ویژدانمەوە،
زیاتر خۆم بە موڵکی چۆلەکەکان دەزانم تا بە موڵکی هاوڕێکانم). هەواڵ و دیمەنەکانی
شەڕڤانانی کورد بە گشتی و ژنان و کچان بە تایبەت ئەوەمان بیر دەخاتەوە کە ڕەنگە
کچان و ژنانی بەشداربووی ناو ئەم شەڕە حەز بکەن لە بەرەکانی شەڕ و لە بەرگری لە کۆبانیدا
شەهید ببن، بەڵام لە ناخی دڵیانەوە خۆیان زیاتر بە موڵکی موسیقا وسەما و پێکەنین و
جوانی و خێزان و خۆشەویستی بۆ منداڵان و دونیای چۆلەکەکانی لوکزامبورگ دەزانن.
هەموو دیمەن و هەواڵەکان شاهیدی بۆ ئەوە دەدەن کە لە کاتی شەڕدا ژنانی کۆبانی لەو
ڕەهەندە جوانەی خۆیان چاویان نەپۆشاوە، بەڵکو زەقیان کردۆتەوە و پیشانی هەموو دونیاشیان
داوە.
شەڕ بە گشتی بەرهەمهێنەری تراژیدیایەکی گەورەیە،
بەڵام بە تایبەت ژنانی شوڕشگێر و بەرگریکەری
کۆبانی لە بەرانبەر ئاڵای ڕەش و دژی ژن و
توندوتیژیی داعشەکان، لەگەڵ ئەو هەموو ناشیرینی و خراپیانەی داعش لە نێوان خەڵک و
بەرەکانی شەڕدا لە خۆیان پیشانیان دا،
بەڵام ئەم ژنە شورشگیرانەی کۆبانی توانیویانە نوێنەری جۆرێکی تر لە سیاسەت و شەڕ
بن کە هێشتا وەک مرۆڤ و بوونەوەرێکی قورس و شاد بە بینینی رۆژێکی هەتاوی یان
هەورێکی جوان دلیان شاد و خۆش بێت و چێژی لێ ببینن و شەڕێک نمایشبدەن کە بە وتەی
لوکزامبورگ دەکرێت ناوی بنێن (شەڕی شاد). شەڕێک کە تێیدا جوانییەکی هەتاهەتایی
تێدا بەرهەمهاتوە و مرۆڤایەتی زیندوو ڕاگرتووە، ئەم پەیامەشی گەیاندۆتە دونیا کە
شەڕ لەگەڵ ناشیرینییەکاندا دەکرێت جوان بێت
گەر لە سەر گۆی زەوی بونەوەرانی لاواز و هیچ و پووچ و توندڕە و بوونیان
نەدەبوو.
شەڕ لای کچان و ژنانی کوبانی شێوە و دەموچاوێکی
تری سیاسەت نیە لە خۆرهەڵاتدا، بەڵکو تەعبیرێکە لە جوانی و بزە و شاد بە سەر بردن،
گەر شەڕکەرانی دژی داعش وەک داعش هەمان ستراتیژی توندوتیژ و خوێن ڕشتنيان بە
کاردەهێنا بێگومان لە گۆڕەپانی شەردا سەرکەوتو نەدەبوون. داعش توندوتیژی و بێ
ڕەحمی و خوێن ڕشتنی گەیاندۆتە ترۆپکی خۆی و لەم رێگایشەوە تا ئاستێکی زۆر گەیشتۆتە
ئەوەی دەیەوێت، بەڵام نابێت لە یادیبکەین کە هەرگیز خوێن بە خوێن ناشۆرێت و ئەمەش
شێوەیەکی تر و شەڕێکی ترە لە کۆبانی کە تاکو ئێستا ماشێنی شەڕی داعشی وەستاندوە،
هیوا وایە هونەری شەڕکردنی شاد لای کچانی بەرگریکەری کوبانی سەرەتایەک بێت بۆ
کۆتایی داعش و کردەوەکانیان.