1.
لە مەراسیمی حەڵەبجە باس لە چی بکەین باشە؟ ئەو کۆڕ و
کۆبوونەوانە چۆن رێک بخەین؟ بە گشتی وەڵامی ئەم پرسیارانە دابەش ئەبن بە دوو
دەستەی جیاواز. لەوانەیە کەسانێک بڵێن هەر وەکوو ساڵانی پێشوو با باس لە مێژووی
حەڵەبجە بکرێ و بۆ شەهیدەکانی فرمێسک برێژرێ و بە چەن شێعر و یەک دوو وتار و
نمایش، کاروباری مەراسیم و سیمینارەکە کۆتایی پێبێنین. هەروەها تەئکید لە سەر
لایەنی تراژیکی کارەساتەکە بکرێ و مەزڵوومیەتی کورد لە مێژوو دا نیشان بدرێ. بەڵام
کەسانیتریش هەن کە باوەڕیان وایە ئەبێ هەموو ساڵێک بەرنامەی حەڵەبجە پرس و باس و
خواسی تایبەت بەو ساڵەی ببێ و خوێندنەوەیەکی تازەی لێ بێتە ئاراوە و گووزەر بکرێ
لەو بابەتانەی کە لە ساڵانی پێشوودا قسەیان لە سەر کراوە. تەنانەت ئەکرێ لەم جۆرە
مەراسیمانەدا قسە لە سەر پرسی رۆژ بکرێ و لایەنە جۆراوجۆرەکانی شی بکرێتەوە.
2.
بەشێکی زۆر لە مێژووی کورد و کوردستان وەکوو مامۆستا
هێمن وێنای کردوە پڕە لە رەنجەڕۆیی و حەسرەت و دەرد. ژیانی کورد لێوانلێو بووە لە
رەنج و نامورادی و تەنانەت بە هەڵکەوتێش تووشی شادی نەهاتوە. وای لێهاتوە چەرخ و
گەردوون وەکوو سپڵەیەک بێتە بەرچاومان کە هەر نەهامەتی و بەدبەختی بۆمان درووست
کردوە. جا بۆیە دەتوانین یەک لە دوای یەک کارەساتەکان رەدیف کەین: حەڵەبجە،
ئەنفال، شەڕی ناوخۆ، شەنگال و ...
3.
ئەمساڵ لە مێژووی کوردستاندا ساڵێکی تایبەتە. چەرخ و
گەردوون تەبایە لە گەڵمان. لە کۆبانی کارەسات رووی نەدا ئەوەی لە بەر چاوی تەواوی
دوونیادا خوڵقا حماسە بوو. شەڕێکی شادمانە و چەمکێکی تازە بەدیهات. سەربازەکانی
ئەو شەڕە، تووش و ناوچاوگرژ نەبوون. بەدەم هەڵپەڕین و بزە و بەزەیی تفەنگیان لە
شان کردبوو و بەرگرییشیان ئەکرد لە شار و حاڵ و ماڵیان. بۆیە کەس باس لە کارەسات
ناکا لە کۆبانی. کۆبانی نیشانی دا چەرخ زۆریش سپڵە نیە. سیما و لایەنیتریشی هەیە.
ئەمساڵ لە کۆڕی یادمانی حەڵەبجە ئەم لایەنەی ئەبێ بەرجەستە بکرێتەوە کە لە چۆن
ئەتوانین لە چەرخەی کارەسات خۆمان رەها کەین و بەرەو حماسە هەنگاو بنێین.
4.
حەڵەبجە وەکوو شار ماوە. خەڵکێکی زۆر لەوێ ئەژین.
کارەساتەکە بە جۆرێکیتریش ئەکرێ و ئەشێ تەواو بێ. کاتێک کارەساتێکی سرووشتی یان
ئینسانی روو ئەدا فەورەن دوای کۆکردنەوەی کووژراوەکان و چەن شێعر و گۆرانی و
مۆنۆمێنت و ... کارەسات کۆتایی پێنایەت. کیشە کۆمەڵایەتی، ئابووری، فەرهەنگی و
سیاسییەکان کە خەڵک و جەماوەری حەڵەبجە تووشی رەنجێکیتر دەکەن هەر درێژە دەدەن بە کارەساتەکە
و لە چەرخەی کارەسات دەیانهێڵێتەوە. ئەو مەترسییە بۆ کۆبانیش هەیە. سەرخۆش بوون بە
سەرکەوتن بە سەر هێزێکی وەکوو داعش، نابێ لەوە غافڵمان کا کە ئیتر حماسەمان
خوڵاقاند و ئەرکی سەر شانمان تەواو بوو. کۆمەڵناسان، دەروونناسان و ئابووریزانان
نۆبەیانە کە هەوڵ بدەن ژیانێکی سەربەرز و تەندرووست بۆ ئەوانەی کە ماون و قەرارە
کۆبانی و حماسەکەی زیندوو رابگرن، بەدی بهێنن. ئەزموونی حەڵەبجە ئەوەمان بۆ
ئەسەلمێنێ کە ئەم بەشە لە کارەسات زۆر گرینگە و تەنانەت ئەچێتە ناو باسی مافی مرۆڤ
و ... .