۱۳۹۳ اسفند ۲۵, دوشنبه

لە کارەساتەوە بۆ حەماسە


1.  لە مەراسیمی حەڵەبجە باس لە چی بکەین باشە؟ ئەو کۆڕ و کۆبوونەوانە چۆن رێک بخەین؟ بە گشتی وەڵامی ئەم پرسیارانە دابەش ئەبن بە دوو دەستەی جیاواز. لەوانەیە کەسانێک بڵێن هەر وەکوو ساڵانی پێشوو با باس لە مێژووی حەڵەبجە بکرێ و بۆ شەهیدەکانی فرمێسک برێژرێ و بە چەن شێعر و یەک دوو وتار و نمایش، کاروباری مەراسیم و سیمینارەکە کۆتایی پێبێنین. هەروەها تەئکید لە سەر لایەنی تراژیکی کارەساتەکە بکرێ و مەزڵوومیەتی کورد لە مێژوو دا نیشان بدرێ. بەڵام کەسانیتریش هەن کە باوەڕیان وایە ئەبێ هەموو ساڵێک بەرنامەی حەڵەبجە پرس و باس و خواسی تایبەت بەو ساڵەی ببێ و خوێندنەوەیەکی تازەی لێ بێتە ئاراوە و گووزەر بکرێ لەو بابەتانەی کە لە ساڵانی پێشوودا قسەیان لە سەر کراوە. تەنانەت ئەکرێ لەم جۆرە مەراسیمانەدا قسە لە سەر پرسی رۆژ بکرێ و لایەنە جۆراوجۆرەکانی شی بکرێتەوە.
2.  بەشێکی زۆر لە مێژووی کورد و کوردستان وەکوو مامۆستا هێمن وێنای کردوە پڕە لە رەنجەڕۆیی و حەسرەت و دەرد. ژیانی کورد لێوانلێو بووە لە رەنج و نامورادی و تەنانەت بە هەڵکەوتێش تووشی شادی نەهاتوە. وای لێهاتوە چەرخ و گەردوون وەکوو سپڵەیەک بێتە بەرچاومان کە هەر نەهامەتی و بەدبەختی بۆمان درووست کردوە. جا بۆیە دەتوانین یەک لە دوای یەک کارەساتەکان رەدیف کەین: حەڵەبجە، ئەنفال، شەڕی ناوخۆ، شەنگال و ...
3.  ئەمساڵ لە مێژووی کوردستاندا ساڵێکی تایبەتە. چەرخ و گەردوون تەبایە لە گەڵمان. لە کۆبانی کارەسات رووی نەدا ئەوەی لە بەر چاوی تەواوی دوونیادا خوڵقا حماسە بوو. شەڕێکی شادمانە و چەمکێکی تازە بەدیهات. سەربازەکانی ئەو شەڕە، تووش و ناوچاوگرژ نەبوون. بەدەم هەڵپەڕین و بزە و بەزەیی تفەنگیان لە شان کردبوو و بەرگرییشیان ئەکرد لە شار و حاڵ و ماڵیان. بۆیە کەس باس لە کارەسات ناکا لە کۆبانی. کۆبانی نیشانی دا چەرخ زۆریش سپڵە نیە. سیما و لایەنیتریشی هەیە. ئەمساڵ لە کۆڕی یادمانی حەڵەبجە ئەم لایەنەی ئەبێ بەرجەستە بکرێتەوە کە لە چۆن ئەتوانین لە چەرخەی کارەسات خۆمان رەها کەین و بەرەو حماسە هەنگاو بنێین.
4.  حەڵەبجە وەکوو شار ماوە. خەڵکێکی زۆر لەوێ ئەژین. کارەساتەکە بە جۆرێکیتریش ئەکرێ و ئەشێ تەواو بێ. کاتێک کارەساتێکی سرووشتی یان ئینسانی روو ئەدا فەورەن دوای کۆکردنەوەی کووژراوەکان و چەن شێعر و گۆرانی و مۆنۆمێنت و ... کارەسات کۆتایی پێنایەت. کیشە کۆمەڵایەتی، ئابووری، فەرهەنگی و سیاسییەکان کە خەڵک و جەماوەری حەڵەبجە تووشی رەنجێکیتر دەکەن هەر درێژە دەدەن بە کارەساتەکە و لە چەرخەی کارەسات دەیانهێڵێتەوە. ئەو مەترسییە بۆ کۆبانیش هەیە. سەرخۆش بوون بە سەرکەوتن بە سەر هێزێکی وەکوو داعش، نابێ لەوە غافڵمان کا کە ئیتر حماسەمان خوڵاقاند و ئەرکی سەر شانمان تەواو بوو. کۆمەڵناسان، دەروونناسان و ئابووریزانان نۆبەیانە کە هەوڵ بدەن ژیانێکی سەربەرز و تەندرووست بۆ ئەوانەی کە ماون و قەرارە کۆبانی و حماسەکەی زیندوو رابگرن، بەدی بهێنن. ئەزموونی حەڵەبجە ئەوەمان بۆ ئەسەلمێنێ کە ئەم بەشە لە کارەسات زۆر گرینگە و تەنانەت ئەچێتە ناو باسی مافی مرۆڤ و ... .


۱ نظر:

وبلاگ ماد گفت...

بەڕێز تەوەکۆلی جاران بلاگەکەتان لە بلاگفا خوێنەری زۆرتر بوو،درووسە هەک کران بەڵام بە بڕوای من یا بگەڕنۆ بۆ بلاگفا یا ئەم بلاگەی ئێستاتان بکەن بە ماڵپەڕ.