۱۳۹۱ فروردین ۵, شنبه

لینکی کایەی شوناسەکان و هەڵبژاردن

http://xornews.net/archives/7014

ئەمە دەقی تەواوی وتاری "کایەی شوناسەکان و هەڵبژاردن"ه.

۱۳۹۱ فروردین ۴, جمعه

کایەی شوناەسەکان و هەڵبژاردن

کایەی شوناسەکان و هەڵبژاردن

هەڵبژاردن هەمیشە گرنگی تایبەت بە خۆی لە ئێراندا هەبووە. هەڵبژارنی ٢ی جۆزەردانی ١٣٧٦ کە زەمینەی بۆ بە دەسەڵاتگەیشتنی رێفۆڕمخوازان خۆش کرد، سەرەتای سەرهەڵدانی بزووتنەوە، سەردەم و لاپەڕەیەکی نوێ بو لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا. هەروەها هەڵبژاردنی ٢٢ی جۆزەردانی ١٣٨٨ بە شێوەیەکی یەکجار بەرفراوانتر کاریگەری هەبووە لە سەر گوتار و بارودۆخی ‌هێزە سیاسییەکانی ناوخۆ و دەرەوەی ئێران و هەلومەرجی ئێران لە ناوچە و لە ناو کۆمەڵگای نێونەتەویدا. هەر بە پێی ئەو بۆچوونە کە هەڵبژاردن لە ئێراندا سەردەم و گوتاری سیاسی نوێ دێنێتە ئاراوە، زۆربەی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ناوخۆ و دەرەوەی دژ بە دەسەڵات لە لایەک و لایەنگرانی حکومەت لە لایەکیترەوە، خۆیان بۆ هەڵبژاردنی ١٢ی رەشەمەی ١٣٩٠ تەیار و ئامادە کرد. بەڵام ئەم هەڵبژاردنە لە گەڵ هەڵبژاردنەکانیتری پێش خۆی چەندین جیاوازی سەرەکی هەبوو، هەر بۆیە چاودێرانی سیاسی بە وردی سەیری ئەم ئەزمون و پرۆسەیان ئەکرد کە ئاکامەی چی ئەبێت و بەرەو کوێ ئەڕوا. یەکەمین جیاوازی ئەوە بو کە دوای دەیەمین هەڵبژاردنی سەرەککۆماری و کێشەکانی دوای ئەو کە حکومەت وەکو "فیتنە" و ئۆپۆزیسیۆن وەکو "بزووتنەوەی سەوز" وەسفیان کرد ئەمە بۆ یەکەمجار بو کە سەندوقی دەنگدانیان ئەهێنایەوە بەر دەمی خەڵک. دووهەمین جیاوازی ئەوە بو کە رێفۆڕمخوازان، مەجالی چالاکی و کاندیدابوونیان پێنەدرا و بە واتایەکیتر بەشی هەرە سەرەکییان دەرکران لە دەسەڵات. سێهەمین جیاوازی ئەوە بو کە کێشە و رقابەت کەوتە نێوان بنەماخوازەکان کە بەشێکیان لایەنگری ئەحمەدینژاد و ئایەتوڵا میسباح و ئەوانیتریش سەر بە لایەنی سونەتی بنەماخوازەکان بوون. چوارەمین جیاوازی ئەگەڕێتەوە بۆ ئەو دروشم و بەرنامانە کە لە لایەن کاندیداکانەوە پێشکەش ئەکرا. ئەگەر لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا باس لە مافی مرۆڤ، بەرابەری، بزووتنەوەی خوێندکاران و ژنان، ئازادی راگەیاندن و ... ئەکرا، ئەمجار ئاستی بەرنامە و دروشمەکان زۆر نزم ببوونەوە و زۆرزۆرەکەی باس و رەخنە لە بەرنامە ئابورییەکانی ئەحمەدینژاد و چۆنیەتی هەڵسوکەوت لە گەل دەوروبەرییەکانی ئەکرا. بایکۆتکردنی هەڵبژاردن لە لایەن بەشێکی هەرەزۆری ئۆپۆزیسیۆنی ناوەو و دەرەوە و کۆن و تازە، پەنجەمین جیاوازی و تایبەتمەندی ئەم هەڵبژاردنە بو بە نیسبەتی هەڵبژاردنەکانی پێشوو. پرۆپاگەندەی بایکۆت بێوێنە و بەرفراوان بو و وا چاوەڕوان ئەکرا رێژەی بەشداربووان زۆر کەم بێت. بەڵام ئەو جۆرەی کە پێشبینی ئەکرا وا دەرنەهات. دوای هەڵبژاردنیش قسە و باس هەر درێژەی هەبو بە تایبەت لە بارەی دەنگدانی خاتەمی هەرا و هوریای زۆر دەستی پێکرد.

لە وەها حاڵ و هەوایەکدا دوو پرسیاری سەرەکی دێتە ئاراوە:

· بۆچی خەڵک بەشدارییان کرد؟

· خەڵک چۆن بەشدارییان کرد؟

A. ئەمانە پرسیاری سەرەکین. وەڵامی ئەو پرسیارانە پێویستی بە ناسینێکی کۆمەڵناسانە هەیە لە کۆمەڵگای کوردەواری و مەیدانی سیاسەت لە ئێران. پڕۆسەی سیاسی بە گشتی و هەڵبژاردن بە تایبەت لە ئێران چەند تایبەتمەندی و داستانی جیاوازی خۆی هەیە:

1.کەم کەس هەیە سووکە ئاگادارییەکی لە دیموکڕاسی و پڕەنسیبەکانی ببێ و پرۆسەی هەڵبژاردن لە ئێران بە دیموکڕاتیک بزانێ. بەشێکی زۆر لە حیزبە سیاسییەکانی ئێران فورسەتی چالاکی و کاری سیاسییان پێ نادرێ، هەزاران کەس سەلاحییتیان تەئید نابێ، چاودێری سەربەخۆ و دەزگاکانی راگەیاندنیی ئازاد نیە و ...

2.هەروەها هەر کەسێک تۆزێک ئاشنا بێ لە گەڵ فەزای سیاسی ئێران، ئەزانێ کە هەڵبژاردن لە ئێران هەمیشە حەدیئەقەلێک لە رقابەتی تێدایە و ناتوانین ئیدیعای ئەوە بکەین کە ئەمە بە تەواوەتی شانۆگەرییە و خەڵک هیچکارەن لە دەسنیشان کردنی نوێنەرەکان بۆ پارلمان، ئەگەرچی فیلتێری جۆراوجۆر هەیە بۆ پاڵاوتنی کاندیداکان. لە خولەکانی رابردوودا، زۆرتر رقابەت لە مابەینی دوو باڵی سەرەکی حکومەت (رێفۆڕمخواز و بنەماخواز) بو. بەڵام لەم خولەدا رێفۆڕمخوازەکان سیاسەتی بایکۆت و بەشداری نەکردکیان هەڵبژارد، بۆیە رقابەتی سەرەکی بە تایبەت لە شارە گەورەکان، کەوتە نێوان دوو لایەن لە بنەماخوازەکان. هەڵبەت "عەلی موتەهەری"ش لیستێکی بە ناوی رەخنەگرانی دەوڵەت کە دوایی بو بە "دەنگی میللەت" هێنایە ناو کایەی هەڵبژاردنەوە. لە شارە چکۆلەکان، بە جۆرێکیتر رقابەت لە نێوان کاندیداکان دروست ئەبێ کە سەرچاوەی رقابەتەکە ئەگەڕێتەوە بۆ ناوچەگەرایی، باندگەرایی یان بەرژەوەندی تاکەکەسی. بە هەر حاڵ جۆرێک لە رقابەت بەرچاو ئەکەوێت و بەم بۆنەوە بەشێک لە خەڵک بەرەو سندوقەکانی دەنگدان ئەچن.

3.لە بەر بەربڵاوی گەندەڵی و ناکارامەیی سیستەمی ئیداری و بۆڕۆکڕاسی و هەروەها ئاشنا نەبوونی خەڵک بە ئەرکی نوێنەرایەتی لە پاڕلمان، بەشێک لە گیر و گرفتەکانیان لە رێگەی چوون بۆ لای نوێنەر حەل و فەسڵ ئەکەن یان لەوانەیە کەسانێکیش لە رێگەی نوێنەرەوە پۆست و مەقام بەدەست بێنن. زۆر جار کەسێک کە ئەبێ بە نوینەر لەوانەیە هیچ لە یاسا و رەوتی یاسادانان نەزانێ بەڵام باندێک بە دەوری خۆیەوە دروست ئەکات و فەرهەنگێکی سیاسی نالەبار لە کۆمەڵگادا جێ ئەخات کە سڕینەوەی زۆر سەخت و چەتونە. حکومەت هەرچی زیاتر قەبە بێ و رێگەی گەندەڵی زۆرتر بێ خەڵکانێکی زیاتر خۆی پێ هەڵدەواسن. بۆیە زۆربەی ئەو کەسانەی لەم حکومەتەدا کارەیەکن، هەر کەس بۆ خۆی دەستە و باندی تایبەت بە خۆی هەیە و کەمتر چالاکییەکانیان ئەخەنە ناو خانە و چوارچێوەی حیزب و دامەزراوەی شەفاف و رەسمی. ئەم حاڵەتە لە گەڵ فەرهەنگی سونەتی کۆمەڵگای ئێرانیش ئەخوێنێتەوە کە زیاتر بە هیوای گەیشتن بە ئامانجەکانیانن لە رێگەی دۆست و ئاشنابازی و بەرتیلدان و بەرتیلوەرگرتن. ئەم باند و باندبازی و ئەم بارودۆخە سنوری نێوان بەرژەوەندی گشتی و تایبەتی ون و نادیار ئەکا.[i]

4. هەر لەو سیستەمە بۆڕۆکڕاتیکە، نوێنەر بەش بە حاڵی خۆی و بە پێی توانایی، زۆر کاری لە دەس دێ و توانای ئەنجامدانی زۆر کاری قانونی و تەنانەت نایاسایی هەیە. بۆ نمونە ئەتوانێ بێکار دامەزرێنێ، پۆست و مەقام بۆ دەوروبەرییەکانی دەستەبەر کا، بۆ شار و گوندەکان بوودجەی زیاتر وەرگرێ و .... هیچ نەبێ لای زۆر کەس - لەم وڵاتە کە کارەسات و گرفتاری ئەبارێ – نوێنەر بە شێوەیەکی تایبەت یان بە گشتی کەسێکی کاربەدەستە لە ناو دەسەڵات و بۆ رۆژی تەنگانە باشە. کەوابوو با نوێنەر خۆمانە و ناسیاو و ئاشنا بێ. لەم فەرهەنگە زیاتر گرنگی ئەدرێ بە ئاشنا نەک بە تاک و مرۆڤ. لە لایەکیتریشەوە لە گەڵ بێمتمانەیەکی بەرچاو کە سەبارەت بە حکومەت هەیە لە هەمان کاتدا وابەستەییەکی قووڵیش لە فەرهەنگ و ناخ و دەروونی ئەندامەکانی کۆمەڵگادا ریشەی داکوتاوە. لە فەرهەنگی سونەتیدا هەموو شتێک راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پەیوەندی هەیە بە دەسەڵاتەوە و نوێنەر و پارڵمانیش بەشێکی هەرە گرنگن لەو دەسەڵاتە[ii].

5.یەکێکیتر لە تایبەتمەندییەکانی دەوڵەت لە ئێران ئەوەیە کە چین و توێژگەلی جۆراوجۆری کۆمەڵگا بە شێوەیەکی نابەرابەر وابەستە ئەکا بە خۆی. بە واتایەکیتر تۆڕێکی متمانەی تایبەت بە بەشێک لە ئەندامانی کۆمەڵگا دروست ئەکا و هەر کات پێویستی بە پشتیوانی هەبو وەک لە کاتی هەڵبژاردن یان رێپێوانی حکومەتی لەو تۆڕە کەڵک وەرئەگرێت. ئەمە لە گەڵ دابین کردن و رێزگرتن لە مافی هاووڵاتیبوون جیاوازی هەیە و لە سەر بنەمای مافی تاک و مرۆڤ دروست نەبووە. بۆ نمونە رێکخراوەی بەسیج وەها ئەرکیک لە کاتی خۆیدا جێبەجێ ئەکات. یان رێژەیەکی زۆر لە خەڵک لە رێگەی یارانە یان پیشەی دەوڵەتی وابەستەن بە دەوڵەت و هەردەم نیگەرانی ئەوەن ئەم بەرژەوەندییانە لە دەست بچێ[iii].

B. چۆنیەتی بەشداریکردنی خەڵک لە پرۆسەی هەڵبژاردن، گرنگی تایبەتی هەیە بۆ راڤە کردن و خوێندنەوەی کرداری سیاسی لە کوردستان. لێرەدا باس لەوە ناکرێ چەند کەس بەشدارییان لە هەڵبژاردندا کردوە بەڵکو پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە "کێ" لەو هەڵبژاردنەدا بەشدار بوە؟ بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە پێویستە پێشەکی باسێکی تیۆریک لە بارەی شوناس شی بکرێتەوە.

زۆربەی کۆمەڵناسان پێیان وایە شوناس[1] کۆمەڵەوەڵامێکە کە بۆ پرسیاری "من کێم" ئامادە ئەکرێت. شوناس لەو چەمکانەیە کە لە دونیای ئەمرۆ و ژیانی مۆدێرندا قسە و باسی زۆری لە سەرە و لە روانگەگەلی جۆراوجۆرەوە شی کراوەتەوە. ئەگەر لە رابردوودا باس لە شوناسی یەکرەنگ و تەک و هەمەگیر ئەکرا، ئەوە ئەمڕۆ زیاتر باس لە شوناسی "چلتیکە"[iv] ئەکرێت و تەنانەت پێم وایە ئەتوانین باس لە شوناسی "چلدانە"ش بکەین. شوناس نە تەنیا لە چەندین تیکە و توخمی جۆراوجۆری کۆن و تازە و ئاشنا و غەریب پێکهاتوە بەڵکو هەر کەسێک بۆ خۆی لە یەک کاتدا خاوەنی چەندین شوناسە و لە فورسەتگەلی جیاوازدا کایە و جێگۆڕکێیان پێئەکات. بە واتایەکیتر ئەم شوناسانە لە حاڵەتێکی سەربەخۆدان بە نیسبەتی یەکتر و تاک بە پێی بارودۆخی سیاسی، ئابوری، فەرهەنگی، زەمان، نیاز، کەش و هەوا و هەر بارودۆخێک گرنگی ئەدا بە شوناسێک و بە پێی ئەو شوناسە بایەخگەلێکی کۆمەڵایەتی هەڵیەبژێرێت و جۆرێک لە کردار و هەڵوێست لە خۆی نیشان ئەدات. هەڵبەت دیارە ئەوە پێناسە و بۆچوونە لە شوناس هەم جیاوازە لە هەلپەرەستی و هەم ئەتوانێ رەبتیشی پێوە ببێ. شوناس بە درێژایی ژیان لەوانەیە گۆڕانی بە سەرا بێ، بەو مانایە کە لە کاتی لاویەتی شوناسێکی هەبێ بەڵام لە پیری شوناسێکیتر بۆ خۆی هەڵبژێرێت یان لە یەک کاتدا چەندین شوناسی ببێ. پێویستە ئاماژە بکرێت کە لەوانەیە ئەم شوناسانە دژ بە یەک بن یان بە یەکەوە سازگار بن. بۆ نمونە کەسێک کە لە شارێک یان ناوچەیەکی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەژی، لە یەک کاتدا چەندین شوناسی هەیە یان بە درێژایی ژیانی چەند شوناسی هەبوە کە ئەتوانن کاریگەرییان ببێ لە سەر شێواز و جۆری هەڵوێست گرتن و تەنانەت رەوشت و بایەخە کۆمەڵایەتییەکانی.

جا ئەگەر تاکی کورد لە هەلومەرجی جۆراوجۆر هەڵوێستی جۆراوجۆری هەبو ئەوە ئەگەڕێتەوە بۆ ئەو کایەی کە بە شوناسەکانی خۆی ئەیکات. لەوانەیە دانەیەک لە شوناسەکان کاریگەری زیاتری بێ لە سەر چۆنیەتی ژیان و کردار، ئەمە بەو مانایە نیە ئەم شوناسە ئەوانیتری خستۆتە پەڕاوێزەوە، چونکە پێم وایە دەور و سەردەمی "تاکشوناسی" یان "شوناسە کەڵانەکان" بەسەرچووە. بەشێک لە قەیرانی شوناس ئەگەڕێتەوە بۆ ئەم گۆڕانکارییە کە لە باری تیۆرییەوە بە سەر شوناسدا هاتوە.

هەڵبەت بەم شوناسانە ئەتوانین چەندین شوناسیتریش ئیزافە بکەین: شوناسی دینی، پیشەیی، تایفەیی، سیاسی، رەگەزی و ... کە هەر کامیان ئەتوانن کاریگەر بن لە سەر بۆچوون و هەڵوێستی مرۆڤ.

دەرک و راڤەکردنی هەڵبژاردن لە ئێران و بە تایبەت لە کوردستان بە بێ ئەم دەستەبەندییە لە شوناس مومکین نیە. چونکە هەر کام لە حیزب و لایەنە سیاسییەکان لە سەر بنەمای یەکێک لەو شوناسانە بانگەشەی تەحریم و بایکۆتی هەڵبژاردنیان ئەکرد و خەڵکیش بە پێی شوناسی خۆی یان یەکێک لە شوناسەکانی هەڵسوکەوتی کردوە.

I. بەرنامەی حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆن کە زۆربەیان هەڵبژاردنیان بایکۆت کردبو لە کام شوناس نزیک بوون؟ بە پێی ئەو بەیاننامانە کە لە لایەن ئەو حیزبانە بڵاو کرانەوە و بە ئاگاداری خەڵک گەیەندران و هەروەها بە پێی ئەو تەحلیلانە کە لە لایەن دەزگاکانی راگەیاندنەوە ئاراستەی کۆمەڵگا ئەکران، تەئکیدی سەرەکی لە سەر دو شوناسی ئەوەڵ واتە "میللی" و "ئەتنیکی" ئەکرا. رائەگەیەندرا کە ئەم هەڵبژاردنە – دوای هەڵبژاردنی سەرەککۆماری ساڵی ١٣٨٨- هیچ فایدەیەکی بۆ گەشەی دیموکڕاسی لە ئێران نیە و ئەگەر خەڵک بەشداری نەکەن لەو پڕۆسەدا، ئەوە لە شەرعییەتی رژێم لە ناوخۆ و ناو کۆمەڵگای جیهانی کەم ئەبێتەوە و رێگەی روخان و گۆڕانکاری یا هیچ نەبی لاوازکردنی خۆشتر ئەبێ. لە هەمان کاتدا پێویستە ئاماژە بەم نوکتەیە بکرێ کە لە بارەی دوو شوناسەکەیتر تووشی هەڵە ئەبون و کایەی شوناسەکان یان تەئسیری ئەو دوو شوناسەیتریان نەدیوە یان بە کەم دایان ناوە.

II. حاکمییەتیش دو رێگەی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی گرتە بەر. یەکەمیان ئەوە بو کە لە کاتی "تەئیدی سەلاحییەتی" کاندیداکان جۆرێک کاروباریان بەڕێوە برد کە کەمتاکورتێک رقابەتی تێدا بمێنێتەوە. کەسانێکیان تەئید کرد کە بتوانن رقابەت بکەن و جۆرێک ئەو کەسانە تەئید بوون کە سەرنجی خەڵکیان خستە راکێشا بۆ لای هەڵبژاردن. جێی ئاماژەیە بەشێکی زۆر لەو کارانە بە ئەنقەست نیە بەڵکو بناغەی هەڵبژاردن و سروشتی دەسەڵات لە ئێران هەر بەم شێوەیە. دووەم رێگە ئەوە بو کە دەسەڵاتی سیاسدی لە ئێران لە ترساندن کەڵکی وەرگرت بۆ راکێشانی خەڵک بۆ لای سەندوقەکانی دەنگدان. دەنگۆی ئەوە بڵاو بۆوە کە ئەو کەسانەی بەشداری نەکەن ئیتر یارانەیان پێنادرێ یان لە دامودەزگاکانی دەوڵەتی دانامەزرێن و ... . سەرباری ئەوانە کاندیداکانیش لەو ئاستەدا نەبوون یان پێیان خۆش نەبو یان لەوانەیە پێیان وترابێ نابێ تەئکید لە سەر داواکارییەکانی پەیوەندیدار بە شوناسی میللی و ئەتنیکی بکەن. دیارە لێرە بەرنامە و داخوازی دوو شوناسی باندی و تاکەکەسی بەرجەستە ئەکرێتەوە و بە واتایەکیتر ئاستی شوناسەکان دابەزیون.

دەرئەنجام:

III. ئەگەر باوەڕمان بە "کایەی شوناسەکان" وەکو بنەمای تیۆریکی راڤەکردنی هەڵبژاردن ببێ، ئەمجار خوێندنەوەمان سەبارەت بە هەڵبژاردن و هەروەها بەشداریکردنی خەڵکیش گۆڕانی بە سەردا دێ. ئەگەر داوا و بانگەشەی بایکۆت رووبەڕووی شوناسی نەتەوەیی و ئەتنیکی بێ، ئەوە دیارە خەڵک پێشوازییان لە بایکۆتەکە کردوە چونکە کەمتر کەسێک لە کاندیداکان یان دەنگدەرەکان باسوخواسی نەتەوەیی یان ئەتنیکی هێنایە ئاراوە. ئەمە یەعنی بانگەشەی هەڵبژاردن سەرکەوتو بووە. لەم لایشەوە ئەگەر رژیم پێی وابێ مانای دەنگی دەنگدەران و بەشداریکردنی خەڵک، شەرعییەتدانە بە بەرنامە و سیاسەتەکانی، ئەوەش دروست نیە. چونکە ئەم شوناسانە زیاتر بەرژەوەندی باندی یان تاکەکەسی کورتماوەیان لە بەرچاوە و ئەم جۆرە لە بەشداریکردن زیاتر کۆمەڵگا تووشی ئاشوفتەیی و پەرێشانی و تەنانەت هەلپەرەستی ئەکات، متمانە نیسبەت بە دەسەڵات و یەکتر کەم ئەکاتەوە و هەر کەسێک ئەکەوێتە شوێن سود و قازانجی باندی و شەخسی خۆی.



[1] -Identity



[i] - بۆ زانیاری زیاتر بڕواننە: متغیرهای الگویی پارسونز

[ii] - بۆ زانیاری زیاتر بڕواننە: نظریه خرده­فرهنگ دهقانی راجرز

[iii] - بۆ زانیاری زیاتر بڕواننە: دموکراسی، جامعه شناسی تاريخی تحولات دموکراتيک، چارلز تيلی، دانشگاه کلمبيا، مترجم: يعقوب احمدی

[iv] - داریوش شایگان