۱۳۹۳ آبان ۷, چهارشنبه

هونەری شادشەڕ کردن


1.     کارل ڤۆن کلاوزویتس، بیرەمەندی نیزامی لە ڕستەیەکی بە ناوبانگدا بەم شێوەیە دەڵێت( شەڕ درێژەدەری سیاسەتە، بەڵام لە رێگای ترەوە). جیا لە هۆکارە زەینی و بونیادینەکانی سەرهەڵدان و دروست بوون و گەشە کردنی دیاردەیەک بە ناوی (داعش)، رەنگە ئەم رستەیە بتوانێت بەشێک لە هۆکار و چۆنیەتی سەرهەڵدان و چیرۆکی داعشمان بۆ روون بکاتەوە. لە راستیدا سیاسەت لای زۆربەی وڵاتە عەربییەکان  هەمان ئەو شتەیە کە داعش لە گۆڕەپانی شەڕدا بە شێوەیەکی عەینی تر دەیبات بەڕێوە. توندوتیژی بێ سنوور و دروست کردنی ترس و وەحشەت، ترۆر و کوشتنی بە کۆمەڵ و پیاوسالاری و وەستانەوە دژی ئازادی و کۆنەپەرستی و گوێ نەدان بە ماڤە بنەڕەتییەکانی مرۆڤایەتی بە گشتی و دژایەتی رۆشنبیران و جیاوازییەکان لە تایبەتمەندییە بەرچاو و زەقەکانی سیاسەتی دەسەڵاتدارانی ناوچەکەیە کە داعش لە گۆڕەپانی شەڕدا بە شێوەگەلێکی تر پیشانیان دەدات و دەیانخاتە روو. لە ماوەی چەند مانگی رابردودا کە دونیا شاهید و بینەری سەر‌هەڵدانی داعش بووە، ئەم گروپە پێی خستۆتە هەر شوێنێک، بە شێوەیەکی بەردەوام و پێش هەموو شتێک لە هەوڵی پێناسەکردنی (ئەویدی) گەلێکدا بووە بۆ خۆی تا بتوانێت لە رێگایانەوە شووناسی مەرگباری خۆی بچەسپێنێت: سەرەتا شیعەکان لە عێراق و سوریا و دواتر ئێزیدییەکان لە شەنگاڵ. لە شەنگاڵ کچان و ژنان و لە هەولێر و کۆبانی کوردەکانی وەک (ئەویدی) بۆ خۆی پێناسە کردوە و دژی ئەمانە توندوتیژی و سەرکوتی بە ڕەوا زانیوە. لەم ماوەیەدا لە هەر شوێنێک کە دەرفەتی بۆ ڕەخساوە  دژی مرۆڤ و مرۆڤایەتی وەستاوەتەوە و سەرکوتی کردوە، کچان و ژنانی دیل کردوە و وەک کوێلە لە بازاڕەکاندا دەیانفرۆشێتەوە، پێش هەموو شتێکیش لە رێگای  دروست کردنی ترس و وەحشەت و پشێوی و کوشتنەوە بە دوای گەیشتن بە ئامانج و مەبەستەکانی خۆیەوە بووە، گروپی داعش باوەڕیان بەم شێوەیە هەیە ( دروست کردنی ترس و وەحشەت لە رێگای توندوتیژییەوە )، ئەمەش وەک ستراتیژی سەرەکی شەڕ  لە هەموو بەرەکاندا بە کاردەهێنن و سوودی لێ دەبینن.
ئەم شێوەیە لە سیاسەت کردن وجوڵانەوە لەگەڵ ئەوی تر، شێوەیەکی ناوازە نییە و بۆ ئەوانەی لە خۆرهەڵاتی ناوەنددا دەژین بە تەواوی ئاشنایە، سەدامیش بەم شێوەیە سیاسەتی دەکرد. خەڵکی کوردستان بە ئێستاشەوە ناتوانن کوشتن و جێنوساید و کوشتنی بە کۆمەڵ و ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە لە یاد بکەن، شیعەکان لە باشوری عێراق بە هەمان شێوە بوون بە قوربانی توندوتیژیی بێسنوری سەدام و زیندان و سێدارە و قوربانی زۆریان بە چاوی خۆیان بینی. لە سوریا و تورکیا و میسر و لیبیا و عەرەبستانیش  دۆخەکە کەم تا زۆر بە هەمان شێوە بووە، توندوتیژیی و پیاوسالاری و دژی ئازادی وەستانەوە و لە بەرچاو نەگرتنی مافەکانی ئەوانی تر و سەرکووت کردنیان، لە تایبەتمەندییە سیاسییەکانی دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتانەیە. لە راستیدا شەڕی داعش شتێک نییە جیا لە درێژەدانی هەمان ئەو سیاسەتەی کە ساڵانێکە لە خۆرهەڵاتدا و لە وڵاتە عەربییەکاندا دەچێتە ڕێوە و جیاوازییەکی بنەڕەتی تێدا نابینرێت.
2.     کلاوزویتس ڕستەیەکی تری بە ناوبانگی هەیە کە دەڵێت: (شەڕ ڕەنگە هەندێ جار شتێک زیاتر و هەندێ جار شتێک کەمتر لە شەڕ بێت). شەڕێک کە تووشی خەڵکی کۆبانی بووە لە ڕوانگەیەکەوە، بە گشتی شتەگەلێکی زۆر کەمتری هەیە لە شەڕ و بە تایبەتیش  شەڕێک کە داعش دەستی پێکردوە. هێزەکانی بەرگەری کۆبانی نە تەنیا توندوتیژیی و وەحشەت و ترس  بە کار ناهێنن، نە تەنیا  پیاو سالار ودژی ژن نییەن بەڵکو ژن لایان شوێنێکی بەرزی هەیە و بەو هۆیەشەوە ژنان و کچانێکی زۆر لە هەوڵی  بەرگریدان بۆ کۆبانی و بە شێوەیەکی سەربەخۆ خۆیان رێکخستوە و لە کۆتایشدا بە شەڕێک کە تێیدا بەشدارن شتگەلێکی زۆریان زیادکردوە. لە ڕاستیدا لای شەڕڤانانی کورد ئەم شەڕە درێژەدەری  سیاسەت نییە لە خۆرهەڵاتی ناوەنددا و  جیاوازییەکی بنەڕەتیی لەگەڵ شەڕانی پێشوودا هەیە.
رۆزا لوکزامبورگ، ژنە شورشگێر کە یەکێ لە دەموچاوە ناسراوەکانی فیمینیزمی سوسیالیزمە، کەسایەتی خۆی بەم شێوەیە وەسف دەکات: ( من لە سوچێکی ئارامی ناو باغێکدا، زیاتر خۆم لە ماڵی خۆمدا هەست پێ دەکەم... تا لە کۆنگرەیەکی حیزبیدا... بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هیوادارم لە کاتی ئەنجامدانی وەزیفەکانمدا لە شەڕێکی شەقامە و شەقامدا یان لە زینداندا بمرم. بەڵام من لە ناخی بوون و ویژدانمەوە، زیاتر خۆم بە موڵکی چۆلەکەکان دەزانم تا بە موڵکی هاوڕێکانم). هەواڵ و دیمەنەکانی شەڕڤانانی کورد بە گشتی و ژنان و کچان بە تایبەت ئەوەمان بیر دەخاتەوە کە ڕەنگە کچان و ژنانی بەشداربووی ناو ئەم شەڕە حەز بکەن لە بەرەکانی شەڕ و لە بەرگری لە کۆبانیدا شەهید ببن، بەڵام لە ناخی دڵیانەوە خۆیان زیاتر بە موڵکی موسیقا وسەما و پێکەنین و جوانی و خێزان و خۆشەویستی بۆ منداڵان و دونیای چۆلەکەکانی لوکزامبورگ دەزانن. هەموو دیمەن و هەواڵەکان شاهیدی بۆ ئەوە دەدەن کە لە کاتی شەڕدا ژنانی کۆبانی لەو ڕەهەندە جوانەی خۆیان چاویان نەپۆشاوە، بەڵکو زەقیان کردۆتەوە و پیشانی هەموو دونیاشیان داوە.
شەڕ بە گشتی بەرهەمهێنەری تراژیدیایەکی گەورەیە، بەڵام  بە تایبەت ژنانی شوڕشگێر و بەرگریکەری کۆبانی  لە بەرانبەر ئاڵای ڕەش و دژی ژن و توندوتیژیی داعشەکان، لەگەڵ ئەو هەموو ناشیرینی و خراپیانەی داعش لە نێوان خەڵک و بەرەکانی شەڕدا  لە خۆیان پیشانیان دا، بەڵام ئەم ژنە شورشگیرانەی کۆبانی توانیویانە نوێنەری جۆرێکی تر لە سیاسەت و شەڕ بن کە هێشتا وەک مرۆڤ و بوونەوەرێکی قورس و شاد بە بینینی رۆژێکی هەتاوی یان هەورێکی جوان دلیان شاد و خۆش بێت و چێژی لێ ببینن و شەڕێک نمایشبدەن کە بە وتەی لوکزامبورگ دەکرێت ناوی بنێن (شەڕی شاد). شەڕێک کە تێیدا جوانییەکی هەتاهەتایی تێدا بەرهەمهاتوە و مرۆڤایەتی زیندوو ڕاگرتووە، ئەم پەیامەشی گەیاندۆتە دونیا کە شەڕ لەگەڵ ناشیرینییەکاندا دەکرێت جوان بێت  گەر لە سەر گۆی زەوی بونەوەرانی لاواز و هیچ و پووچ و توندڕە و بوونیان نەدەبوو.
شەڕ لای کچان و ژنانی کوبانی شێوە و دەموچاوێکی تری سیاسەت نیە لە خۆرهەڵاتدا، بەڵکو تەعبیرێکە لە جوانی و بزە و شاد بە سەر بردن، گەر شەڕکەرانی دژی داعش وەک داعش هەمان ستراتیژی توندوتیژ و خوێن ڕشتنيان بە کاردەهێنا بێگومان لە گۆڕەپانی شەردا سەرکەوتو نەدەبوون. داعش توندوتیژی و بێ ڕەحمی و خوێن ڕشتنی گەیاندۆتە ترۆپکی خۆی و لەم رێگایشەوە تا ئاستێکی زۆر گەیشتۆتە ئەوەی دەیەوێت، بەڵام نابێت لە یادیبکەین کە هەرگیز خوێن بە خوێن ناشۆرێت و ئەمەش شێوەیەکی تر و شەڕێکی ترە لە کۆبانی کە تاکو ئێستا ماشێنی شەڕی داعشی وەستاندوە، هیوا وایە هونەری شەڕکردنی شاد لای کچانی بەرگریکەری کوبانی سەرەتایەک بێت بۆ کۆتایی داعش و کردەوەکانیان.

۱ نظر:

قه‌زوان گفت...

دەستخۆش.بەهێزو پتەوە.ماندووبوونی پێدیارە.هەر بژین مامۆستای بەرێز.