۱۳۹۰ اردیبهشت ۱۶, جمعه

کێ سەرکەوتنی بەدەس هێنا: خەڵک یان حکومەت؟


دوای نزیکەی ٢ مانگ خۆپیشاندان و پێداگری بەشێکی زۆر لە خەڵکی سلێمانی و شارەکانی دەروبەری لە سەر داواکانیان، حکومەتی کوردستان بێ ئەوەی کە هەنگاوێکی عەمەلی هەڵگرێ بۆ دابین کردنی داواکاریەکانی خۆپیشاندەران، هەرچۆنێک بێ توانی دەس بە سەر ئەو مەیدان و جێگایانەدا بگرێ کە ناڕازییەکان لەوێ کۆ دەبونەوە و دەنگی ناڕەزایی خۆیان دەردەبڕی. هەر لە سەرەتای خۆپیشاندانەکان و هەڵوێستی حکومەت تا رادەیەکی زۆر دیار بو کە دەسەڵاتداران نایانهەوێ دەنگی شەقام ببیسن و بەو پێە وردەوردە سیاسەت و پلانی کوشتنی کات و ماندو کردنی خەڵکانی ناڕازییان بەڕێوە برد. لەوانەیە حکومەت ئەم کارەی خۆی وەکو سەرکەوتن لە قەڵەم بدات کە ئۆپۆزیسیۆن و خەڵکی ناڕازییان رەوانەی ماڵەوە کردەوە بە بێ ئەوەی دەسکەوتێکی بۆیان بوبێت. ئێستا کە سەرای ئازادی کەسی لە ناڕازیان لێ نەماوە و چۆڵ بوە، ئایا ئەتوانین ئیدیعای حکومەت قەبوڵ کەین کە سەرکەوتنی بەدەس هێناوە و ئۆپۆزیسیۆنیش تووشی شکەست هاتوون؟

1. کاتێک کە خەڵکانی ناڕازی و خۆپیشاندەرەکان بۆ دابین کردنی ماف و داخوازیەکانی خۆیان کە بە شێوەیەکی ئارام و ئاشتیخوازانە هاتونەتە سەر شەقام، روبەڕوی سەرکوت یان خەمساردی حکومەت ئەبن، دەستیان بە هیچ جێگایەک راناگا و دەنگیان نابیسرێ لەوانەیە جۆرێک لە ناهۆمێدی و بێمتمانەیی کۆمەڵایەتی لە ناویانا پەرە بستێنێ بە واتایەکیتر سامانی کۆمەڵایەتی تووشی خەسار و شکەست بێت. ئەگەر وابێ ئەمە نە لە قازانجی خەڵکە و نە لە قازانجی حکومەت.

فۆکۆیاما (١٣٧٩) لەو باوەڕە دایە کە ناتوانین بە شێوەیەکی ئیجابی رێژەی سامانی کۆمەڵایەتی ئەندازەی بگرین و دیاری بکەین و بۆ ئەوەی بزانین ئایا رێژەی ئەو سامانە لە چ ئاستێک دایە باشتر وایە لە سەر چەندایەتی دیاردە دزێو و ناپەسەندە کۆمەڵایەتییەکان لێکۆڵینەوە بکرێ، جا کە ئەگەر رێژەیان لە سەرەوە بو ئەوە نیشاندەری داشکانی سامانی کۆمەڵایەتییە و ئەگەر کەم بوون ئەوە ئەو کۆمەڵگایە خاوەنی سامانێکی بەرفراوانی کۆمەڵایەتییە. ئەو کۆمەڵناسانەی لەم بوارەدا کاریان کردوە لەم باوەڕەدان کاتێک رۆحی ناهۆمێدی و بێمتمانەیی لە ناو خەڵکدا تەشەنە بکا، بۆ دەستەبەر کردنی ئامانج و داخوازییەکانیان لەوانەیە جەماوەر پەنا ببەن بۆ رێگا و رەوشتی ناپەسەند و نایاسایی و بەمجۆرە رێژەی گەندەڵی رووی لە هەڵکشان بێت. ئەمە لایەنێکی کێشەکەیە، لەوانەیە متمانەی خەڵک بە نیسبەتی حکومەت کەم بێتەوە، جا ئەگەر وابێ بۆ بەڕێوە بردنی هەر جۆرە بەرنامە و پلانێک، حکومەت دوچاری گیر و گرفت ئەبێ و ناتوانێ لە هاوکاری خەڵک کەڵک وەرگرێ. هەروەها یەکێکیتر لە نیشانەکانی کەمبوونی سەرمایە و سامانی کۆمەڵایەتی لە دەستدانی هەستی بەتوانابوونە. تاکی بێتوانا، بە شێوەیەکی سەربەخۆ خوڵقێنەری کاروباری خۆی نیە و بۆ راپەڕاندنی کارەکانی هیچ چارەیەکی نیە مەگەر پەنا باتە بەر حکومەت و لەوێ دامەزرێت. بەم شێوە حکومەت رۆژبەرۆژ گەورەتر ئەبێتەوە و گەندەڵیش روی لە زیادبوون ئەبێ. کەوابو لە وەها بارودۆخێکدا هەم خەڵک و هەم حکومەت هەر دووکیان دۆراون.

2. ئەگەرچی رۆشنبیران، خەڵک و ئۆپۆزیسیۆن بە گشتی، تەئکید لە سەر خۆپیشاندانی ئاشتیخوازانە ئەکەن و هەوڵ ئەدەن هێمنی شار و شەقام بپارێزن بەڵام لە بەر ئەوەی کە لە لایەکەوە بەشێک لە دەسەڵات پێی ناخۆش نیە بۆ شەرعییەت بەخشین بە سیاسەتی سەرکوتی خۆیان، شێوازی توند و تیژی بسەپێنن بە سەر ناڕازییەکاندا، لەوانەیە لە داهاتودا دەربڕینی ناڕەزایەتییەکان بە ئاراستەی توندوتیژیدا بچێ. لە لایەکیترەوە لەوانەیە بەشێک لە ناڕازیان کە چەندین شەو و رۆژە لە سەر شەقامن و دەنگی ناڕەزایەتیان بە هیچ کوێیەک ناگات پەنا بەنە بەر توندوتیژی.

دیارە پەرەسەندنی توندوتیژی لە قازانجی هیچ لایەنێکدا نیە و تەنیا هەزینە و تێچوی چالاکی سیاسی ناڕازییانە و حکوومەتکردن زۆر ئەکات. حکوومەتێک کە کەڵک وەرگرێ لە توندوتیژی بۆ کپکردنی دەنگی ناڕەزایەتی، لەوانەیە بتوانێ بۆ ماوەیەکی کورت یا درێژ، بە رواڵەت ئاسایش و هێمنی کۆمەڵگا دابین بکات بەڵام چونکا لە عەدالەت دوور ئەکەوێتەوە، رێژەی ئەو کەسانەی کە دژی سیاسەتەکانی حکوومەتن، بەرەو زیادبوون ئەچێ. هەروەها شێوازی ناڕەزاییدەربڕینی گۆڕانکاری بە سەردا دێ و لەوانەیە ناڕازیان بۆ ئەوەی دەنگیان ببیسرێ دژ بە حکومەت توندوتیژی بە کار بهێنن.

بەکارهێنانی سیاسەتی تۆقاندن، زەبروزەنگ و توندوتیژی سەبارەت بەو کەسانەی "وەزعی مەوجوود"یان قەبووڵ نیە رق و تووڕەیی خەڵک بە نیسبەتی حکوومەت زیاتر ئەکات و لە هەمان کاتیشدا شەرعییەتی خۆی لە ناو چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا لە دەست ئەدات. هەروەها بەکارهێنان و هەڵبژاردنی توندوتیژی و لە کارخستنی دامودەزگا دەوڵەتی و مەدەنییەکان لە لایەن ئۆپۆزیسیۆنەوە لە لایەکەوە تا رادەیەک توندوتیژی دەسەڵات تەوجیه ئەکات و لە لایەکیتریشوە ئەبێتە هۆی دوورکەوتنەوە لە دێمۆکڕاسی و کەمبوونەوەی رێژەی بەشداری گشتی خەڵک و بە تایبەت چینی ناوەند _ کە زۆربەیان داخوازی دێمۆکڕاسییانەیان هەیە­_ لە خۆپیشاندانەکان.

دیارە پەنابردن بۆ توندوتیژی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە لە گەڵ رەوشت و دروشمی سەرەکی و هەرەگرینگی خەڵکی سەرشەقام ناخوێنێتەوە. نا بۆ توندوتیژی تەنیا دروشمێکی کاتی و تاکتیکی نەبو بەڵکو باوەڕ و بەهایەکی بەڕێزی کۆمەڵایەتییە کە تەنیا لە بواری سیاسەتدا قەتیس نامێنێت و دەچێتە ناو فەرهەنگی کوردی و لەوێ رەگ و ریشە دەهاوێژێ و کاریگەری ئەبێت لە سەر شێوازی ژیانی کۆمەڵایەتی لە کوردستاندا. کەڵکوەرگرتن لە توندوتیژی بە مانای دوورکەوتنەوەیە لە ئامانجەکانی خۆپیشاندانەکان. چونکا توندوتیژی تەنیا ئامرازێک نیە کە ئەمڕۆ بە شێوەیەکی کاتی بۆ گەیشتن بە هەنێ ئامانج و مەبەست بەکار بهێنرێت و دواییش لایبەیت. لە راستییدا سروشت و ماهییەتی توندوتیژی بە جۆرێکە کە رۆحی نەفرەت و رقەبەرایەتی پەرە پێ ئەدات و ئەبێت بە بەشیک لە ژیان کە پەیوەندییە ناسیاسییەکانی کۆمەڵگایش تووشی گۆڕان ئەکات. زاڵ ئەبێت بە سەر پەیوەندی نێوان ژن و پیاو، دایک و باوک و مناڵەکان، مامۆستا و قوتابی، دوکاندار و مشتری و ... بە گشتی زمانی زەبر و زەنگ و تووش و تووڕە جێگای زمانی نەرم و دۆستانە ئەگرێتەوە. مەبەست لە بەکارهێنانی زمانی تووش و تووڕە، زاڵبوون بە سەر ئەویتردایە بەڵام زمانی نەرم و نیان لایەنە جۆراوجۆرەکان بەرەو لەیەکگەیشتن و تەوافوق ئەبات.

3. بەر لە هەموو شتێک پێویستە ئاماژە بەم پێشمەرج و راستییە بکەم کە ئەنجامدانی چاکسازی و بەدیهاتنی خواستی خەڵک تەنیا لە چوارچێوەی حکومەتێکی دێمۆکڕاتیکدا ئیمکانی هەیە. جا لە سناریۆی سێهەمدا کە حکومەت چاکسازی دەس پێبکات یان گوێبیستی هەنێ داخوازی شەقام بێت، وەکو ئەوەی کە رایگەیاند دەیانهەوێ ٢٥ هەزار نەفەر دامەزرێنن، بودجەی حیزبەکان کەم کەنەوە، هەڵبژاردنی پێشوەخت بەڕێوە ببەن، مووچەی بەشێک لە فەرمانبەران کەم کەنەوە، گەندەڵی نەمێنێت، دەسەڵاتی حیزب بە سەر دەوڵاتدا کەم بێتەوە و ... ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە ئایا ئەمانە لە نەهایەتدا بەدیهێنەری دێمۆکڕاسین و بە شێویەکی بنەڕتی و دامەزراوەیی لە گیر و گرفتی خەڵک کەم ئەکەنەوە؟

ئەگەر بە وردی چاوێک بخشێنین بە سەر داواکانی حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆن یان بەرنامەی حکومەت ئەبینین کە دەرئەنجامی عەمەلی و مەبەستی سەرەکی رەفتاری هیچ کامیان بونیادنانی حکومەتێکی دێمۆکڕاتیک نیە، ئەگەرچی لەوانەیە خولیای گشتیان بەرپاکردنی ئەو جۆرە لە حوکمڕانی بێت.

· بەشێکی زۆر لە بەرنامە و دروشمەکانی ئۆپۆزیسیۆن، پۆپۆلیستین و ئەوە ئەسەلمێنێ کە ئۆپۆزیسیۆن بە پێی هیچ تیۆرییەکی دێمۆکڕاتیک هەڵسوکەوت لە گەڵ دەسەڵاتدا ناکات. پێشتر ئاماژەم بە ئەو پێشمەرجە دا کە ئەگەر تەنانەت هەموو لایەک بیانهەوێ کێشە کۆمەڵایەتییەکان لە کۆمەڵگای کوردەواریدا نەهێڵنەوە و ئاسەواری فەقیری و نەداری بسڕنەوە، ئەو مەبەست و ئاواتە تەنیا لە سایەی حکومەتێکی دێمۆکڕاتیکدا دێتە دی. لایەنە جۆراوجۆرەکانی ئۆپۆزیسیۆن، هیچکامیان دەستیان نەناوەتە سەر ئەو بەربەستانەی کە پڕۆسەی دامەزرانی حکومەتێکی دێمۆکڕاتیکیان تووشی کێشە و ئاستەنگ کردوە. لە راستیدا زۆر کەم بیر لە چۆنیەتی سیستمی حوکمڕانی ئەکرێ و زیاتر قسە لەوە ئەکرێ کێ حکومەت بکات. دیارە بۆ هەموارکردنی رێگەی دێمۆکڕاسی، بۆ نمونە ئەشێ بەرنامەی دارێژراو ببێ بۆ سەربەخۆکردن و جیاکردنەوەی بەشی داد لە پارلمان و دەوڵەت، چکۆلەکردنەوەی دەوڵەت و دەسەڵات، بە هێزکردن و پەرەپێدان بە کۆمەڵەی مەدەنی، بەتواناکردنی تاکی کورد و پێداگری لە سەر مافە جۆراوجۆرەکانی.

· زۆربەی داخوازی و ویستەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رووی دەمی لە حکومەتە و بە شێوەیەکی نەخوازراو دەوڵەت و حکومەت لەوەی کە ئێستا هەیە گەورەتر ئەکاتەوە. ئەو وتووێژەانی لە سەر گیر و گرفتە کۆمەڵایەتییەکان کە لە کاناڵەکانی راگەیاندنی حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکاندا نیشان ئەدرێت، زۆر بە کەمی باس لە کێشە ساختارییەکانی شێوازی دەسەڵآتداری لە کوردستاندا ئەکەن. نەمانی گەندەڵی و بێکاری و ... دروشمی بریقەدارن بۆ راکێشانی سرنجی خەڵک بەڵام چونکا ئەبێتە هۆی هەرچی گەورەتربوونی حکومەت و هەروەها ئەبێتە هۆی هەرچی زیاتر وابەستەبوونی خەڵکی فەقیر و هەژار بە دەسەڵات، لە ناخی خۆیدا تووشی پاڕادۆکس ئەبێت و دیارە هەرچی حکومەت گەورەتر بێت ناکارامەیی و گەندەڵیشی بەو نیسبەتە زیاتر ئەبێت (راغفر، ١٣٨٢). دامەزراندنی ٢٥ هەزار نەفەریش کە بەرنامەی حکومەتە بۆ وەڵامدانەوە بە ویستی خەڵک هەر ئەو دەرئەنجامەی هەیە.

· شێوازی خۆپیشاندان، دروشمەکان و بەشداربوانی سەرشەقام، نیشاندەری زاڵبوونی فەرهەنگ و رەوشتی چینی ناوەندی کۆمەڵگا بەسەر کەشوهەوای بزوتنەوەی ئەم دوایەی خەڵکدا بو. بەڵام ئەوەی کە لە شاشەی کاناڵە ئاسمانییەکانی سەر بە ئۆپۆزیسیۆندا ئەبینرا زیاتر لەوەی کە تەعبیر داخوازی ئەوان بکات بە شێوەیەکی پۆپۆلیستیانە باسی لە نەهامەتی و گیر و گرفتی چینی هەژار و فەقیر ئەکرد. دیارە هەوڵ و کۆشش بۆ نەهێشتنی فەقیری و نایەکسانی کۆمەڵایەتی، هەوڵ و کۆششێکی ئەخلاقی و پیرۆزە. لەوانەیە لە بنەڕەتدا زۆر لە قازانجی فەقیر و هەژارەکاندا نەبێت. بەم کارە لەوانەیە ژەمێک ماسییان بۆ خواردن پێ بدرێت بەڵام فێری ماسیگرتن نابن. دیارە لە هەموو شتێک پێویستتر بۆ چینی بندەستی کۆمەڵگا ئەوەیە کە زەمینەی کاروکاسبییەکی ئەمن و تەندروستی بۆ فەراهەم بکرێت نەک زیاتر وابەستە بکرێ بە دەسەڵات. مرۆڤی بەتوانا ئەتوانێ دانەر و پارێزەری دێمۆکڕاسی بێت بە پێچەوانەوە ئیستبداد بە شوێن ئینسانی وابەستە و بێتوانایە کە هەم بیانچەوسێنێتەوە و هەم بۆ سەرکوت کەڵکیان لێ وەرگرێت. چینی ناوەند خوازیاری کۆمەڵگایەکی دێمۆکڕاتیک و ئەخلاقییە کە سامانی کۆمەڵایەتییەکی فراوانی تێدا بێت. تەنیا لە وەها کۆمەڵگایەکی وەها دایە کە هەموو لایەک لە خێر و بەرەکەتە گشتییەکانی کۆمەڵگا بەهرەمەند ئەبن و نابەرابەری و دوچاوەکی زۆر کەم ئەبێتەوە.

سەرچاوەکان

- راغفر، حسین (1382)؛ دولت، فساد و فرصت­های اجتماعی (مجموعه مقالات)، تهران، انتشارات نقش و نگار.

- فوكوياما ، فرانسيس (1379) ؛ پايان نظم ، سرمايه ي اجتماعي و حفظ آن ، ترجمه غلامعباس توسلي ، تهران . انتشارات جامعه ايرانيان.

۱ نظر:

Behrooz Fateh گفت...

zor jwana Kak Xalid. Har xosh u sarkawtoo bi