۱۳۹۴ خرداد ۲۰, چهارشنبه

هەڵبژاردن وەکوو سەرکەوتن

1.      هەڵبژاردنی پارلمانی لە تورکیا کۆتایی پێهات و بۆ یەکەم جار و دوایی ١٣ ساڵ ئاکپارتی کە دەسەڵاتی بە دەستەوە بوو زۆرینەی لە دەست دا و لەوەیش گرنگتر ئەوەیە کە هەدەپە بەربەستی ١٠%ی بڕیوە و بەمجۆرە رێگا و دەرگای پارلەمان بۆ نوێنەرانی کورد یان باشتر وایە بڵێین بۆ کاندیداکانی حیزبی دیموکراتی گەلان لە سەر پشتە و نزیکەی هەشتا نەفەریان ئەتوانن بچن بۆ پارلمان. لە روانگەی جۆراوجۆرەوە ئەکرێ باس و لێکۆڵینەوە ببێ سەبارەت بەم رووداوە: کاریگەری لە سەر ئایەندەی سیاسی تورکیە، لە سەر ئایەندە و ئێستای ئیسلامی سیاسی، لە سەر بارودۆخی ناوچەی رۆژهەڵاتی­ناوەڕاست بە تایبەت لە سوریە و عێراق و ... . هەروەها لایەنێکتری ئەم هەڵبژاردنە کە سەرنجی زۆر کەسی راکێشاوە، دەور و تەئسیری کورد لە سەر ئەم رووداوە دەگمەنە چی بووە و لە هەمان کاتیشدا کاریگەری ئەنجامی هەڵبژاردنەکە لە سەر دۆخی کورد لە ناوخۆی تورکیە و هەروەها لە ناوچەدا چۆن ئەبیت.
2.      هەدەپە بۆ یەکەم جارە ئەچێتە ناو پارلمان. دیارە ئەمە جێگەی خۆشحاڵیە و ئەکرێ وەکوو سەرکەوتنێکی گەورە بۆ ئەو حیزبە سەیری بکرێ. بەڵام سەرکەوتنی گەورەتر لە ئەنجامی هەڵبژاردن، پێم وابێ شتێکیترە. ئەویش ئەوەیە کە لە تورکیە، گشت لایەنەکان بەو نەتیجە گەیشتوون کە "هەڵبژاردن" وەکوو دامەزراوەیەکی مۆدێڕن و دڵی دیموکڕاسی بکەن بە بنەمای بەرنامەی سیاسی و ئاڵوگۆڕ کردنی دەسەڵات. لای من ئەوەی کە کاندیداکانی حیزبی دیموکڕاتی گەلان بتوانن بەشداری هەڵبژاردنەکان بن و بتوانن بە شێوەیەکی ئاشتییانە و بەناوی حیزبی خۆیان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان چالاکی بنوێنن، زۆر سەرکەوتنێکی مەزنترە لەوەی کە چەن کەس بچنە ناو پارلمان. ئەمە (دەرچوون لە بەربەستی ١٠%) کەم نیە و ئەتوانین وەکوو سەرکەوتن سەیری بکەین بەڵام سەرکەوتنێکە کە هەمیشەیی نیە. هیچ دوور نیە لە دەورەیەکیتری ئەم حیزبە دەنگەکانی کەمتر یا زۆرتر بێت. ئەوەی کە ئەمێنێتەوە و لە داهاتوودا بەردەوامی دەستەبەرکردنی نوێنەرایەتی مسۆگەر ئەکا بەهێزکردنی دامەزراوەی هەڵبژاردنە وەکوو دڵی دیموکڕاسی و سەرەکیترین رێگای ئاشتییانە و مەدەنی بۆ بەدەسهێنانی دەسەڵاتی سیاسی. سەرکەوتنی گەورە لەو رۆژەوە دەستی پێکرد کە هەدەپە توانی "سەلاحەدین دەمیرتاش" وەکوو کاندیدای سەرۆک­کۆماری بێنێتە مەیدانی هەڵبژاردن و ئەم رێگەیان بۆ چالاکی و خەباتی سیاسی گرتە بەر. ئەگەر چی دەنگی پێویستی کۆ نەکردەوە بەڵام ئەوەی کە کوردێک بتوانێ بە درووشم و بەرنامەی کوردانە بە رەسمییەت بناسرێ و رێگەی پێبدرێ بەشداری هەڵبژاردن بێ، خۆی دەسکەوتیکی گەورەیە کە ئەتوانێ بنەما و  پێشەکییەک بێ بۆ دەسکەوتیتر.
3.      خاڵێکیتر کە دوای ئەم هەڵبژاردنە جێی سەرنجە ئەوەیە کە لایەنگرانی هەدەپە و پەکەکە بە تایبەت لە باشوور و رۆژهەڵات لە مەیدانی سیاسەتدا جۆرێک کار ئەکەن بەڵام بە جۆرێکیتر قسە ئەکەن کە ئەم دووانە (کار و قسە) جیاوازیان زۆرە. بە پێی یاسای تورکیە بەشداری ئەکەن لە هەڵبژاردنەکان، لە گەڵ تورکەکان یەکئەگرن، داخوازی ژنانە و چەپەکان بە نیسبەتی داخوازی کوردی ئەولەویەتی پێئەدرێ و ... بەڵام کە دێتە باری قسەکردن، باس لە کوردستانی گەورە و ناسیۆنالیسم و شوناسی کوردی و ... ئەکرێ. ئەم دووانە جیاوازییان زۆرە. دیارە ئەگەر کەسێک لە بەشێکیتری کوردستان هەر ئەو کارانە بکا کە هەدەپە لەم هەڵبژاردنە کردوویەتی بە دوورکەوتنەوە لە ئارمانەکانی کوردان و دابەزاندنی داخوازییەکان تاوانبار ئەکرێ.
4.      راستی و واقعیەتی ئەم هەڵبژاردنە کە دەسکەوتی گەورەیە و جێگەی خۆشحاڵییە بۆ هەر کوردێک ئەمەیە کە ئەم بردنەوە و ئەم ئەنجامە تازە سەرەتای ململانێ و چالاکییەکی دوورودرێژی ریفۆڕمخوازانەیە کە تەنیا ئەتوانێ تەئکید لە سەر باردودۆخی کورد لە تورکیە بکا و لەوانەیە گۆڕانکارییەکان زۆر درێژخایەن بن و زوو بەرچاو نەکەون. ئەوەی کە هەنێ کەس ئەم هەڵبژاردنە وەکوو سەرکەوتنێکی مێژوویی وێنا ئەکەن و ئاستی چاوەڕوانییەکان لەم رووداوە زۆر ئەبەنە سەرۆ، تووشی هەڵەیەکی مێژوویی ئەبن. دیارە کە دەنگی هەدەپە بۆ یەکەم جار کە توانیەتی بچێتە ناو پارلمانەوە زۆر باشە بەڵام لە راستییدا و بە نیسبەتی حیزبەکانیتر زۆر کەمە و ئەمە توانای ئەو حیزبە بۆ بەدیهێنانی گۆڕانکاری بنەڕەتی زۆر کەم ئەکاتەوە. بە تایبەت ئەگەری ئەوە هەیە کە ئاکپارتی لە گەڵ پارتی گەلی کۆماری ئێئتلاف بۆ درووستکردنی دەوڵەت پێکبێنن. ئەمە کاری هەدەپە بۆ دابینکردنی داخوازیی کورد زۆر دژوار ئەکا. جا ئەگەر ئاستی چاوەڕوانییەکانی خەڵک لە گەڵ توانای نوێنەرەکان و ساختاری سیاسی و بەربەستەکانی رەچاو نەکرێت لەوانەیە دوای ماوەیەکی کەم جۆرێک لە ناهۆمێدی لە ناو کۆمەڵگای کوردەواریدا پەرە بسێنێ کە بۆ دەوری داهاتووی هەڵبژاردن، هەدەپە تووشی قەیران کا و دەنگەکانی دابەزێت. دیارە دابەزینی دەنگەکان بە مانای ئەوەیە کە ئەو حیزبە ئەبێ پارلمان بە جێ بێڵێ.
5.      ئەگەرچی رەفتار و ئاکاری ئەردۆغان لەم چەن ساڵەی رابردوودا جۆرێک لە تاکڕەوی و سەرەڕۆیی تیا ئەبینرا بەڵام هێشتا لە گەڵ دیکتاتۆر و فاشیست جیاوازی زۆری بوو. ئەگەر هەدەپە خوازیاری حەلی کێشەی کورد لە تورکیایە ئەوە ئاکپارتی باشترین لایەنە بۆ وتووێژ کردن کە لە رابردوویشا ئەوەی سەلماندوە و نیشانی داوە کە باوەڕی بە وتووێژ لە بارەی کێشەی کورد هەیە.  

۲ نظر:

ناشناس گفت...

لە بەرەبەری هەڵبژاردنەکانی سەرەک کۆماری ساڵی 1388 ، لە جەلەسەیەکی ڕەسمی " بەرەی یەکگرتوی کورد" لە ساری سنە، پێشنیارم کرد کە کورد لە جیاتی وەدوای ئەوانی تر کەوتن، بۆ سەرەک کۆماری ئێران کەسێک دیاری بکات. یەک دو کەس لە دانیشتوان وەك لە شێت بڕوانن تماشایان کردم. یەکیان وتی کاکە جا ئێمە کێمان هەیە؟!
5 ساڵ دوای ئەمە لە ۱۹ مرداد ۱۳۹۳ کوردێک خۆی بۆ سەرەک کۆماری تورکیە کاندید کرد و کەسیش بەشێتی نەزانی!

ناشناس گفت...

لە بەرەبەری هەڵبژاردنەکانی سەرەک کۆماری ساڵی 1388 ، لە جەلەسەیەکی ڕەسمی " بەرەی یەکگرتوی کورد" لە ساری سنە، پێشنیارم کرد کە کورد لە جیاتی وەدوای ئەوانی تر کەوتن، بۆ سەرەک کۆماری ئێران کەسێک دیاری بکات. یەک دو کەس لە دانیشتوان وەك لە شێت بڕوانن تماشایان کردم. یەکیان وتی کاکە جا ئێمە کێمان هەیە؟!
5 ساڵ دوای ئەمە لە ۱۹ مرداد ۱۳۹۳ کوردێک خۆی بۆ سەرەک کۆماری تورکیە کاندید کرد و کەسیش بەشێتی نەزانی!