۱۳۸۸ اسفند ۲۴, دوشنبه

هەڵەبجە

هەموو ساڵێک لەم رۆژانەدا بە بۆنەی ساڵیادی کارەساتی دڵتەزێنی هەڵەبجە، لە زانکۆکانی ئێران، بەرنامەی جۆراوجۆر بەڕێوە ئەچوو. بەڵام چەن ساڵێکە ریگە نادرێ بە خوێندکاران بۆ دانانی کۆڕی ماتەمین و رێزگرتن لە یادی شەهیدانی نەمری هەڵەبجە. هەڵبەت لە بەر نەبوونی ستراتێژی و بیرێکی قووڵ و وردبینانە، وردە وردە قسە و باسەکانی ئەو بەرنامانە هەموو ساڵێک دووپات دەبونەوە و قسەی تازە کەمتر دەهاتە گۆرێ. وای لێ هاتبو بڕێک لە بەشداربوان هەمو ساڵێک هەر باسیان لە مەزڵوومیەت و بێکەسی کورد ئەکرد، بەشێکیتر دەستیان دەکرد بە جنێودان بە دام و دەرزگا نێونەتەوەیەکان و هەندێکیش بیری تۆڵە ئارام و قەراری لێ سەند بوون و ... ئەوەی باسی لێنەدەکرا ژیانی ئاسایی ئەو کەسانە بوو کە زیندوو مابوون یان لێکۆڵینەوە لە سەر هۆکارگەلی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئەو کارەساتە بوو.
پارەکە وتارێکم نووسی کە لە هەڵەبجەدا سامانی کۆمەڵایەتی وێران بوە و بۆ باشتر بەڕێوەچوونی پڕۆژەی گەشەسەندن، بەر لە هەموو شتێک پێویستە ئەم سامانە زیندوو بێتەوە هەتاکو خەڵکی هەڵبجە بتوانن بە متمانەیەکی زیاتر پێکەوە بژین و رابردوو فەرامۆش بکەن. ئێستا شتێک بۆ تۆڵە نەماوە. سەدام و عەلی کیمیاوی لە سێدارە دران، دام و دەزگای نێودەوڵەتیش پشتیوانی گەلی کوردن. کارەساتی هەڵەبجەیش بە ژێنۆساید ناسراوە. ئێستا ئەوەی ماوە خەڵکی هەڵەبجەیە کە تووشی زەرەر و زیانێکی زۆر بوون. نابێ فەرامۆش کرێن و ئەبێ تۆری کۆمەڵایەتی و متمانەی خەڵک بە یەکتر، سەر لە نوێ تازە بکرێتەوە و کۆششی بۆ بکرێت.

هیچ نظری موجود نیست: